پیرۆزبایی لە ئەنجومەنی سەوزی چیا بە بۆنەی پێ‌بەخشرانی خەڵاتی نیشتمانیی ژینگەپارێزیی ئێرانەوە

1/6/2014
ڤه‌ژین

کە ڕەشەبا ڕێی پێ گرتی ببە بە شاخ.

کە شەماڵ ھات بە پیرتەوە ببە بە باخ!

ئەم قسەیەم لەڕۆژنامەی دار بەڕوویەکدا خوێندەوە

ژینگەپارێزانی سەوزی چیا!

هەوڵی ماندوویی نەناسانەی ئێوە بۆ پاراستنی ژینگە و تێکۆشانی شەو و ڕۆژیتان بۆ ڕزگار کردنی دارستانەکان لە سووتان و فەوتان، پەرەپێدانی بیری ژینگەپارێزی لەنێو خەڵکی گوند و شار و چەندین هەنگاوی داهێنەرانە لە ڕێگای پاراستنی ژینگەی ئەم وڵاتەدا، لەبەر چاوان ون نابێت و شیاوی پێزانینی هەموومانە. بێگومان پێش هەر خەڵاتێک، ئێوە خەڵاتی وەفاداری بە ئاو و خاکتان لە دەستی خەڵکی ناوچەکەمان وەرگرتووە. دیارە بیری ژینگەپارێزی لە عەقڵانیەتێکی نوێ و سەردەمیانەوە هەڵدەقوڵێت کە هاوکات لەگەڵ پەسند کردنی دەستکەوتەکانی مودێڕنیتە، چاو بەسەر لایەنە کاولکارانەکەی مودێڕنیتەدا ناقونجێنێت و هەوڵ دەدات ئەو مەترسییانەی کە سەردەمی نوێ بۆ مرۆڤی دروست دەکات ببینێت. هەر ئەم دیتن و بۆچوونە ڕێگا بۆ چەمکی پەرەسەندنی جێگیر خۆش دەکات. دیتنی ژینگە وەکوو ئەمانەتێک کە دەبێت ڕادەستی وەچەی منداڵانی داهاتووی وڵاتەکەمان بکرێتەوە بنەمایەکی سەرەکیی پەرەسەندنی جێگیرە و پاراستنی ژینگە یەکەم هەنگاو لە ڕێگەی ئەو بیرە پێشکەوتووەدایە. ئێستایش زۆر خۆشحاڵین کە خەباتی ئێوە لە پاراستنی ژینگەی شارەکەماندا، لەلایەن دەوڵەتی نوێیەوە بە چاوێکی ئەرێنی و پۆزەتیڤەوە سەیر کراوە و خەڵاتی نیشتمانیی ژینگەپارێزیی ئێرانتان پێ بەخشراوە. ئێمە وەکوو یەکیەتیی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان پیرۆزباییتان لێ دەکەین و هیوادارین ئەمە ببێتە هۆی پشتیوانیی زیاتری لایەنە پەیوەندیدارەکان لە خەبات و تێکۆشانی ئێوە و ببێتە هاندەرێک بۆ تێکۆشانی زیاتر لە پێناوی پاراستنی ژینگەی شارەکەماندا.

یەکیەتیی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان

دانانی بۆچوون

ناو:
ئیمەیل:
*
ماڵپەڕ:
بۆچوون:
*
بۆچوونەکەت لە دوای پەسەندکردن بڵاو دەبێتەوە.