ڕاگەیاندراو

بەڕێوەنەچوونی کۆڕی شەوی یەلدا و خەڵاتی بەڕووی زێڕینی یەلدای 2025

بەڕێوەنەچوونی کۆڕی شەوی یەلدا و خەڵاتی بەڕووی زێڕینی یەلدای 2025

خەڵکی بەشەرەف و خاوەن هەڵوێستی کوردستان

باوەڕ و ئایینە کۆنەکانی ئەم نیشتمانە شادەمارەکانی فەرهەنگی ئێمەیە و بۆنە و جێژنەکانمان ئاوێتەی ژیان و بە ناخی مێژووماندا ڕۆ چوون.

پانتاییی وێژمانی کوردایەتی لە دەستپێکی زاگرۆسەوە تا دەگاتە لێواری ئاوە ئازادەکان بەدرێژایی هەزاران ساڵ لانکەی مرۆڤایەتی و هەوێنی بەهابەرزە ئینسانییەکان بووە.

ئەم نیشتمانە مێژوویەک لە جوامێری و داهێنانی بەخشیوەتە مرۆڤایەتی و شایانی ڕێزگرتنە، و هاوکات تاریکی باڵی بە سەریدا کێشاوە، بەڵام ڕۆڵە وریاکانی ئەم وڵاتە بە ئیلهامی یەلدا و پەیامەکانی میترا باوەشیان بۆ ژیان گرتووتەوە.

خەبات بۆ ژیان و ڕووناکی بەشێکە لە خەباتی سەردەمیانەی ئەم نەتەوەیە. بۆیە نەوەی نوێی ئێمە بە خولیای هەتاوی ڕزگاری و نەمانی کڕێوە و زستان پەیمان لەگەل خواوەندی هەتاو نوێ دەکاتەوە، پەیمان بە خاک و بەو کەسانەی لەسەر ئەو خاکە دەژین. بۆیە پاش هەزاران ساڵ ئەوینی وڵات دەبێتە سروودی نیشتمان و سووری هەتاو، هێمای خوێنی ڕۆڵەکانمان و ڕەنگی سوری ئاڵاکەمان. 

"یەلدا" بۆ ئێمەی کورد تەنیا هێمایەکی ئوستورەیی نییە، بەڵکوو واتای کۆتایی تاریکی و ئەلەندی ڕزگاریی نەتەوییە کە ئامانجی کۆتاییەکەی کەرامەتی مرۆڤ و ژیانێکی واتادارە.

ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین لە تەمەنی خۆیدا توانی بە پشتبەستن بە ڕاستییە مێژویی و زانستییەکان، ئایینی "شەوچلە" و "یەلدا" بگەڕێنێتەوە واقیعی خۆی و بیکاتەوە بە موڵکی دانیشتوانی ڕەسەنی ئەم هەرێمە؛ بۆیە لە ساڵانی ڕابردوودا بە داهێنان و دەستپێشخەریی وەک: "خەڵاتی بەڕووی زێڕین" بۆنەی یەلدای کرد بە هەوێنی یەکخستنەوەی نیشتمان لە سەرانسەری هەرێمی زاگرۆس و لە ساڵی ٢٧١٢(١٣٩١)ەوە زۆربەی ساڵەکان یەلدای پیرۆز ڕاگرتووە.

ئەمساڵ لەکاتێکدا بەرەوڕووی یەلدا دەڕۆین کە کوردستان لە کەشێکی جیاوازدایە، قەیرانە کۆمەڵایەتی-سیاسی و ئابورییەکان تەنگیان بە ژیان هەڵچنیوە، دەرەتانی ئازادی بەرتەسک دەکرێتەوە و دوورەدیمەنێکی ناڕوون وێنا دەکرێت.

بۆیە وێڕای باوەڕمەندبوونمان بە مانا فەلسەفی و هێماییەکانی یەلدا، گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان دەمانهێنێتە سەر ئەو باوەڕە ئەمساڵ ڕێوڕەسمی یەلدا بەڕێوە نەبەین.

باوەڕی قووڵمان بە هەڵهاتنی خۆری دوای تاریکی، ئیرادەمان بۆ ڕاماڵینی تاریکی بەهێزتر دەکات و دڵنیاین هەتاوی ئازادی لە لووتکە بەرزەکانی نیشتمانەوە هەڵدێت.

ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین

یەلدای٢٧٢۵(١٤٠٤) - مەریوان