ڕاگەیاندراو

بەیاننامەی شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان سەبارەت بە شەهیدانی تازەی ژینگە

بەیاننامەی شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان سەبارەت بە شەهیدانی تازەی ژینگە
«کوردستان شەهیدبوونی ڕۆڵەکانت پیرۆز»
زرێبارێوە هەرسێ
پەشتەو شاهۆ بۆغزیمەنە،
پەنگاوش واردەن
ها دڵم تەقا!
- «ڕەحیم ڕەحمانی»

هەروەک ئاگادارن، کۆمەڵگای کوردەواری بە گشتی و هەورامان بە تایبەت، لە جەرگەی ژینی ئەمڕۆدا، توانیویەتی بە هەوڵ و هیمەتی ڕۆڵەکانی، قەدر و حورمەتی ژینگە بەرز بنرخێنێ و بۆ گەشەی چالاکی بنوێنێ، بەجۆرێک کە تەنانەت ئازیزترین ڕۆڵەکانی لەم پێناوەدا گیانیان بەخشیوە و بەرانبەر ناحەزانی ژینگە قەقنەس ئاسا گڕیان تێ بەر بووە تاکوو ژینگە بپارێزرێت و گەل لە سێبەری ئەم درەختە ڕیشەدارەدا بحەسێتەوە و بە ئاسوودەیی بژیت. بەڵام بەداخەوە هەموو ساڵێک و لە وەرزی گەرمادا، گڕ دەکەوێتە جەستەی دارستانەکانی و لە کاتی کۆژاندنەوەی ئەم ئاگرەدا ئازیزترین ڕۆڵەکانی شەهید دەبن.

ئێستە دیسان، لە تەنگانەی ئێوارەی ڕۆژی ٨ی مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاویدا قرچەی پڕووز و گڕی نەهامەتی، لەگەڵ مێردەزمەی تاوان هاودەنگ و هاودەس تاوانیان خولقاند و بێ بەزەییانە جەرگی نیشتمانیان بڕی و و دووکەڵی ڕق و قینیان هەناسەی ژیانی تاساند و سەری سەربەرزییان خوێناوی کرد.

دیسان سێ پڵنگی هەڵمەتبەری شاخە بەرزەکانی کوردستان، بۆ چاودێری شەرافەتی ژینگە، بۆ پارێزگاری لە ڕۆحی بەرزی نیشتمانی ئەهوورایی، کەوتنە داوی کڵپە و بڵێسەی جەستەی نیوە گیانی ئەو دارستانەی وا دەستی ڕق و قین و بیری چڵکنی نەزانین ئاگری تێ بەردابوو.

ئێستا چەم و دۆڵی بووزین و مەرەخێڵ لە هاواری شێرانەی ڕۆڵە نیشتمانپەروەرەکانی کە بۆ نەجاتی قۆڵی هیمەتیان لێ هەڵماڵی بوو و پووزەوانەی غیرەتییان لە پێ کردبوو، دەنگ ئەداتەوە. ئێستا سروشتەکەی بۆیان تازیەبارە و هەزار بە هەزار ئاخ و داخ بۆ کۆچی هەتاهەتاییان هەڵدەڕێژێت و تا دنیا دنیایە چاوەڕێیانە.

ئێمە وەکوو شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان و چالاکانی ژینگەیی مەحاڵی هەورامان، لە ساڵوەگەڕی یادی شەهیدان کاک شەریف و کاک ئومید، لەگەڵ شەهیدانی تازەمان کاک موختار و کاک بیلال و کاک یاسین بەڵێن تازە دەکەینەوە کە ڕێبواری ڕێگەییان بین. دڵنیاین هەرگیز یاد و ناوی ئەو شەهیدانە لە هزر و بیری هیچ تاکێکی کورددا ناسڕێتەوە.

شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان

ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی

  • ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی ڕۆجیار
  • ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان
  • ئەنجومەنی سەوزی چیا
  • ئەنجومەنی مامۆستایانی ئایینی مەریوان و هەورامان (یەمامە)
  • ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین
  • کانوونی عێلمی-فەرهەنگی ڕۆنان
  • ئەنجومەنی بەرگری لە ماددە هۆشبەرەکان (ژیانەوە)