ڕاگەیاندراو

ڕاگەیێندروای ناوەندی ڤەژین بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی

ڕاگەیێندروای ناوەندی ڤەژین بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی

لە ٢١ی فێورییەی ١٩٥٢، کاتێک کۆمەڵێک خوێندکاری زانکۆی داکا لە لایەن پۆلیسی پاکستانەوە لەسەر پرسی پەروەردە بە زمانی دایکی گیانی خۆیان بەخت کرد؛ کۆمەڵگای جیهانی هێشتا پرسی جیاوازیی نەتەوەیی و ئێتنیکی لە وڵاتانی فرەنەتەوە و فرەئێتنیکی لە چوارچێوی کێشە نێوخۆییەکانی وڵاتان پێناسە دەکرد و هەستیارییەکی ئەوتۆی لەبەرانبەر پێشلکارییە مرۆییەکان نیشان نەدەدا؛ بەڵام هەنووکە هەرچەندە دنیای سیاسەت لەسەر پاشنەی ڕێئال پولێتیک دەخوڵێتەوە و مافی مرۆڤ دەبێتە قوربانی بەرژەوەندیی حکوومەتەکان؛ کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوە گەردوونییەکانی مافی مرۆڤ، لەبەرانبەر پێشێلکارییەکان و بە تایبەت لە بواری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی بێدەنگ نابن و بە شێوازی جۆراوجۆر پرسە سەرەتاییەکانی مافی مرۆڤ لەوانە پەروەردە بە زمانی دایکی وەک پێوەر و پێوانەیێک بۆ ئاستی دێموکراتیزاسیۆنی وڵاتان پێناسە دەکەن.

بێگومان زمان وەک یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی نەتەوە، هێما و نیشانەی ناسینەوەی نەتەوەیە. بایەخدان بەو هێما و نیشانەیە، پێشاندەری ڕادەی ئاستبەرزی و هوشیاریی کۆمەڵایەتی ئەو نەتەوەیە؛ چوونکە زمان خەسڵەت و تایبەتمەندیی نەتەوە هەڵدەگرێت.

نەتەوەی کورد، یەک لەو نەتەوانەیە کە بە درێژایی یەک سەدەی ڕابڕدوو، پرسی پەروەردەی بە زمانی دایکی وەک یەکێک لە داخوازییەکانی هێناوەتە گۆڕێ و بە شێوازێکی ئاشتیانە و سەردەمیانە خوازیاری پەروەردەی منداڵانی کوردستان بە زمانی دایکییان بووە.

پەروەردە بە زمانی دایکی، مافێکی سرۆشتی و مرۆیی هەر تاکێکی کۆمەڵگایە بەبێ هیچ جۆرە جیاوازییەکی نەتەوەیی و ئێتنیکی. بێبەشکردنی منداڵانی نەتەوەیێک لە پەروەردە بە زمانی دایکی، پێشلکردنی سەرەتاییترین مافە ئێنسانییەکان دێتە ئەژمار و پرۆسەی ئاشتی، تەبایی و پێکەوەژیان لە نێو نەتەوەکان لە جۆگرافیایەکی دیاریکراو، بەرەو ڕووخان و هەڵتەکاندن دەبات.

بەداخەوە لە وەڵاتێکی فرەچەشن و فرەنەتەوە وەک ئێران، هەتاکوو ئێستا پرسی پەروەردە بە زمانی دایکی بۆ نەتەوەکانی بێجگە لە فارس، وەک پرسێکی بێ‌بایەخ و لاوەکی هاتوەتە ئەژمار و نە تەنیا ئەم پرسە وەک مافێکی بنەڕەتی و سەرەتایی نەتەوەکان ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە، بەڵکوو بەسەرسوڕمانە مامۆستایانی خۆبەخشی ئەم بوارە، تووشی چەرمەسەری و مەینەتی بوونەتەوە.

لە بەرەبەرەی ڕۆژی ٢١ی فێورییە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، بەداخەوە هەواڵی حوکمی بەندکرانی پێنج ساڵ بۆ مامۆستای زمانی کوردی، خاتوو «زارا موحەمەدی» هەموو چالاکوانانی فەرهەنگی کوردستانی تووشی سەرسوڕمان و پەژارە کردووەتەوە.

ئێمە وەک ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین، وێڕای دەربڕینی ناڕەزاییەتی بە نیسبەتی ئەو حوکمە ناڕەوایە، لە هەموو بەرپرسانی حکوومی و دادوەری لە پارێزگای سنە داواکارین بەو حوکمە ناڕەوایە بچنەوە و بە زووترین کات زەمینەی ئازادی هەمیشەیی ئەو چالاکوانە زمانی و فەرهەنگییە بخولقێنن.

بەرز و پیرۆز بێت ٢١ی فێورییە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی.

ناوەندی فەرهەنگی -هونەریی ڤەژین

٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٠