بە ناوی خوا
خەڵکی بەڕێز و بە ئەمەگی مەریوان، هەروەها کە ئاگادارن، لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەن کردەیەکی توندووتیژ لە شارەکەماندا ڕوویدا کە بوو بە هۆی شڵەژان و بریندارکردنی هەستی خەڵک و نیگەرانی ڕای گشتی. ئەم کردەوە ناشیرینانە کە بوو بە هۆکاری دڵەڕاوکێ و تێک چوونی ئاشتی کۆمەڵایەتی، لە نیۆ کومەڵگاو بنەماڵەکان، لە ناوەڕۆکی خۆیدا هەڵگری پەیامێکی خراپ و ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ژیانی ئاشتیانە و تەبایی و پێکەوە بوونمان.
هاووڵاتیانی بەڕێز، شاری مەریوان خاوەن مێژوویەکی پڕ لە شانازی پێکەوەبوون و ژیانی مەدەنی و ئاشتی و فرەچەشنی بووە، ئەم دەڤەرە بە هۆی جووڵەی فکری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، هەمیشە شارێکی زیندوو و ئەکتیڤ بووە، مووزائیکی فکر و کەلتوور و ڕێکخراوی جیاواز بووە، بە درێژایی مێژوو، ئەم شارە ئامێزی کراوە بووە بۆ ڕەنگ و دەنگی جیاواز و هیچ کات ئەم جیاوازیانە نەبوەتە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی، ململانێ و لێکترازان. بە پێچەوانەوە لە سەر بنەمای پرنسیبی پێکەوەژیانی دموکراتیک و یەکتر قبووڵ کردن و ڕێزدانان بۆ ڕای یەکتر، ژیانیان بە ڕێ کردووە. ئێمە لەو بڕوایەداین، لە سەردەمی ئەمڕۆ و بەم ئاستە لە پێشکەوتن کە مرۆڤ بە دەستی خستووە، ئێتر کەلتووری سڕینەوە و هێرشی توندوتیژانە بۆ سەر باوڕی ئینسان، هیچ جێگە و پێگەیەکی نییە و لە لایەن ڕای گشتی جەماوەر، مایەی پەسەند کردن نییە. ترس و تۆقاندن و هەڕەشە و کوشت و بڕ هیچ جێگایەکی نە لە ئێستە و نە لە مێژووی ئێمەدا نەبووە و نایبێت.
پێویستە لە سەر بنەمای ئەو میراتە مەدەنییە کە لە سەر ڕەنج و زەحمەتی هەزاران کەس، لە زیاتر لە نیو سەدە لەم شارەدا، بۆمان بە جێ ماوە، فۆرمی ژیان و شێوازی پێوەندیەکانمان ڕێک بخەین. پێویستە ئەم میراتە کە ڕەنگدانەوەی ڕای ئازاد و حورمەت دانان بۆ یەکتر و ئاشتی کۆمەڵایەتی، پەرە پێ بدەین و گەشە بکات. ئێمە پێمان وایە ئایین پارچەیەکی دانەبڕاوی ژیانی کۆمەڵایەتی و پێویستییەکی مۆراڵی و مەعنەوی کۆمەڵگایە. هیچ کات لە مێژووی دوور و نزیکی ئێمەدا ئەرکی ئایین ترس و تۆقاندن نەبووە، بۆیە هەرچەشنە بەکار هێنانی ئایین وەک ئامراز و کەرەستە، بۆ بەرژەوەندی کەس و چین و تاقم و گرووپێک و تەنانەت دەسەڵاتیش، ڕەت ئەکەینەوە.
گەلی ئێمە خاوەن بیر و باوڕی خۆیەتی، ئایین بە جۆرێک لەگەڵ ژیانی نەتەوەیی و داب و نەریتی ئێمە خۆی گونجاندووە و بووە بە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی کۆمەڵایەتی و شایەنی ڕێزگرتنە. بەڵام بە کار هێنانی دینیش لە ژێر هەندێ ناوی شاراوە و نهێنیدا، بۆ بە دەست خستنی هەژموونی کومەڵایەتی و سیاسی وهتد جێگای پەسەند نییە. لەم چوارچێوەدا ئێمە بە کارهێنانی تووندوتیژی (خشونت) لە هەر فۆرم و بە هەر شێوازێک شەرمەزار و ئیدانە ئەکەین. جێگای خۆیەتی هەر لێرەوە لە بەرپرسانی خۆجێی و لۆکاڵی ئەم شارە ڕەخنە بگرین، کە هەرگیز لەم بوارانەدا ڕۆڵێکی ئەرێنی و ئیجابیان نەگێڕاوە و خۆیان بە بەرپرسیار نەزانیوە.و نەیانتوانیوە باوڕ و متمانەی خەڵک بە دەست بهێنن.
لەم سۆنگەوە ئێمە وەک ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان، بە هەست کردن بە بەرپرساریەتی مێژوویی، و بە لەبەرچاو گرتنی دۆخی هەستیاری ناوچەکەمان، داوا لە هەموو چین و توێژەکان، چالاکانی کۆمەڵاێەتی و مەدەنی، مامۆستایانی ئایینی، و کەسانی خاوەن پێگە و مەرجەع ئەکەین کە بێ دەنگ نەبن و ئەرکی ئەخلاقی و مێژوویی خۆێان جێبەجێ بکەن.و ڕۆڵیان هەبێ لە یەکڕیزی و تەبایی و ئاشتی کۆمەڵایەتی شارەکەمان.و ئەرکی مێژوویی خۆیان جێ بەجێ بکەن.
١٦ی گۆڵانی ١٤٠٠، شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان
- ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان
- ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین
- ناوەندی زانستی-فەرهەنگیی ڕۆنان
- ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان
- ئەنجومەنی ژیانەوەی مەریوان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر
- ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی ڕۆجیار