ئەندامان و لایەنگرانی ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین
هەر وەک ئاگادارن لە دە ساڵی ڕابردوودا، بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا و خەڵاتی بەڕووی زێڕین وەک بۆنەیەکی نیشتمانی لە لایەن ناوەندەکەمانەوە بەڕێوە چووە. بەڵام بەداخەوە لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە هۆی دۆخی نەخوازراو و هەروەها بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ئەم ڕێوڕەسمە بەڕێوەنەچوو.
دوابەدوای ئاسایی بوونەوەی دۆخ و ڕزگاربوون لە پەتای کۆرۆنا، بەهیوا بووین ئەمساڵ ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا بە شێوازێکی شیاو و بەشکۆ بەڕێوە ببەین، بەڵام بە داخەوە فەرمانداریی مەریوان بە بیانووی دواکەوتنی مەجمەع و هەڵبژاردنی دەستەی نوێی بەڕێوەبەری ڤەژین، مۆڵەتی بەڕێوەبردنی ئەم بەرنامەیەی پێ نەداین.
ئێمە لەو قەناعەتەداین ڕێگەنەدان بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا، پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە ڕەوتی هەڵبژاردنی دەستەی نوێی ناوەندەکەمانەوە نییە و بەڵکوو ئیرادەیەکی تر لە ئارادایە بۆ کپ کردنی دەنگ و چالاکیی ناوەندە مەدەنییەکان.
دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی ڤەژین لە هەموو ئەندامان و لایەنگران و ئەو کەسانەی لە دوور و نزیکەوە یارمەتیدەرمان بوون بۆ بەڕێوەبردن ئەم بەرنامەیە، داوای لێبوردن دەکات و هیوادارە بتوانێت لە ساڵانی داهاتوودا ئەم بۆنەیە بە شێوەیەک کە شیاوی خەڵک و شارەکەمان بێت بەڕێوە ببات.
لەگەڵ ڕێز و حورمەت
دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی فەرهەنگی- هونەریی ڤەژین
٢٩ی سەرماوەزی ٢٧٢١ (١٤٠٠)