ڕاگەیاندراو

بەیاننامەی شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکییەوە

بەیاننامەی شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکییەوە

زمان نە چەترێکە و لە ژێریدا کۆ ببینەوە، نە خۆرەزێڕینەیەکە، ڕەنگەکانی خۆمانی تێدا ببینینەوە. زمان باڵێکیش نییە کە هەڵفڕینمان بۆ بکاتە دیاری یا هەورێکی پڕ باران بێ، هێوریمان بە سەردا ببارێنێ. زمان، لەوە گەورەترە کە ئێمە لەم شتانە و لە شتی تردا کۆ و بچووکی بکەینەوە، چونکوو زمان بوونە و بوونیش بە زمانەوە گرێ دراوە.

بەرتەسککردنەوەی زمان و پێناسەکانی، دەبێتە هۆی خەسارێکی گەورە و گەلی کورد پێویستە چاوکراوەتر و زیرەکانەتر لە پێناسە و ڕوانینە جیاوازەکان ڕامێنێ و بۆ گەشەکردنی زمانی کوردی و هەموو شێوەزارەکانی، هەنگاوی زانستیی هەڵبگرێ. ئەرکی سەرشانی زانکۆ و ناوەند و ڕێکخراوەکان لێرەدا لە هەمووان زیاترە و هەنگاوەکانی ئەوان دەبێتە هۆی خێراتربوونی ڕەوتی گەشەسەندنی زمانی کوردی لە کۆمەڵگەی کوردی و لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا.

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکییەوە، دەستخۆشی لە هەموو ئەو مامۆستا و ناوەندانە دەکەین کە لە پێناوی گەشەکردنی زمانی دایکیماندا، چاکی هیمەتیان کردووە بە لادا و هیچ ئاریشە و بەربەستێک نەیتوانیوە و ناتوانێ ڕێیان لێ بگرێ.

وێڕای بەرزڕاگرتنی ناوی هەرمانی مامۆستا هەژار، پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی بەتایبەتتر لەو مرۆڤانەی دەکەین کە زمانیان نەچووەتە نێو کتێبی پۆلەکانەوە، کە چی وەک گەوهەری ڕۆحیان پارێزگاری لەو سەرمایە مرۆیییەیان دەکەن و هەوڵی گەشەپێدان و سپاردنی بە بەرەکانی دوای خۆیان دەدەن وەک یانەی بوون و هەبوون.

پێویستە وڵاتە فرەنەتەوەکان چیتر دەست لە سیاسەتی هەڵەی ژێنۆسایدی سپیی هەڵگرن و بە چەواشەکاری و ڕێگەنەدان بە خوێندن و نووسین بە زمانەکانی دیکە و پشتگوێخستنیان، لەوە زیاتر خەسار لە سەرمایە مرۆییەکان نەدەن و هەوڵ بدەن بۆ ڕێگەخۆشکردن بۆ جێبەجێبوونی ئەم مافە سەرەتاییەی نەتەوەکانی دیکە و گەشەی زمانەکانیان.

ئێمە وەک ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان، بڕوای تەواومان بەوە هەیە کە هەموو نەتەوەکان پێویستە مافی زەوتکراوی زمانییان بۆ بگەڕێتەوە و منداڵەکانیان بە زمانی خۆیان بخوێنن، چونکوو چیدی سەردەمی ئاتاتورکی و پەهلەوی بەسەرچووە و دەبێ لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە مامەڵە لەگەڵ سەرجەم زمانەکاندا بکرێ.

٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢١

  • ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی مەریوان
  • ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی ڕۆجیار
  • ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین
  • ناوەندی زانستی- فەرهەنگیی ڕۆنان
  • ئەنجومەنی سەوزی چیا
  • ئەنجومەنی پێشگیری لە مادە سڕکەرەکانی ژیانەوە
  • ئەنجومەنی نمایشی مەریوان