ڕاگەیاندراو

شەرمەزارکردنی دەرکردن و حوکمی سزادانی مامۆستایان لە کوردستان

شەرمەزارکردنی دەرکردن و حوکمی سزادانی مامۆستایان لە کوردستان

بەیاننامەی شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان

بێ گومان پەروەردە بناغە و بنچینەی فەرهەنگ و گەشەسەندنی هەر کۆمەڵگایەکە. ڕوونە کە سەرمایەی سەرەکی ئەم دامەزراوەیە، هێزی مرۆیی پابەند و بەتوانایە. مامۆستایان نەک هەر هێزێکی بەئەزموون و پیشەیی لەبواری پەروەردەکردنی نەوەی داهاتوودان، بەڵکو بە بیرمەندی و پابەندبوون، هەمیشە قوتابییانیان بە چەمکەکانی ئازادی و دادپەروەری ئاشنا کردووە و هاوەڵ و هاوڕؽی بەردەوامیان بوون.

ئەرکی گەورەی مامۆستایان داکۆکیکردنە لە مافە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکانی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا. 

مامۆستایان هاوکات لە گەڵ پەروەردەکردن و ڕاهێنانی نەوەی نوێ، لە گرنگترین داکۆکیکارانی مافەکانی قوتابیان بوون و هەمیشە لە سەر ڕێبازی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەدیهێنانی مافە پیشەیی و سەندیکاکانی خۆیان و خوێندکارەکانیان هەوڵیانداوە.

کوردستان بە درێژایی مێژوو هەمیشە ناوەندێکی پێشەنگ بووە لە پاراستنی بەها مرۆڤایەتییەکان و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانیان و لەم ڕێبازەدا بەردەوام قوربانی داوە.

مامۆستایانی کوردستانیش لەم بەستێنە ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و مێژووییەدا سەریان هەڵداوە؛ بۆیە سروشتییە کە ئەوان پێشەنگی ئازادیخوازان و دادپەروەران و چالاکانی مەدەنی بن.

لە دوو دەیەی ڕابردوودا مامۆستایانی کوردستان لە گەڵ مامۆستایانی دیکەی ئێران دەستیان بە چالاکی مەدەنی بەرفراوان کردووە بۆ گەیشتن بە مافەکانی خۆیان و خوێندکارەکانیان.

سروشتی کولتووری و کۆمەڵایەتی ئەو هەوڵانە هیوایەکی نوێی لە دڵی خەڵکی ئەم وڵاتەدا دروست کردووە بۆ باشترکردنی دۆخەکە و ناچارکردنی حکومەتەکان بۆ وڵامدەر بوونیان.

ئەمڕۆ که ئێران له گەڵ قەیرانی قووڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی وەک هەڵاواردن و بێکاری و هەڵئاوسان و داڕمانی خزمەتگوزارییه سەرەتایی و ژێرخانیەکانی وەک ئاو و کارەبا دەستەویەخەیە، حکومەت لە جیاتی چارەسەر و چاکسازی سیاسەته ناکاریگەرییەکانی چەند دەیەی ڕابردوو، وزەی خۆی بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیی خەڵک و چالاکی مەدەنی تەرخان کردووه.

ئەو حوکمە ناڕەوا و ستەمکارانەیەی ئیدارە و وەزارەتی پەروەردە لە ساڵانی ڕابردوودا بەرامبەر مامۆستایان بە تایبەتی لە کوردستان دەرچووە، ئەو ڕاستییەی ئاشکرا کرد کە دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری، ئیرادە و توانای چارەسەرکردنی کێشە بەربڵاوەکانی وڵاتیان نییە.

بەڵگەسازی و ئەمنیەتی کردنی چالاکییە ڕۆشنبیری و سەندیکاکانی مامۆستایان نیشانەی لاوازی و ناکارامەیی بەرپرسانی پەروەردەیە لە کوردستان.

دەرکردن، دوورکردنەوە، کۆتاییهێنان بە خزمەت، خانەنشین کردنی زۆرەملێ و سزای ناڕەوای دیکە لە دژی کۆمەڵێک مامۆستا لە کوردستان، لەوانە: «مەجید کەریمی، غیاس نێعمەتی،کاوە محەمەدزادە، ئومێد شامحەمەدی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی، جەهانگیر بەهمەنی، نەسرین کەریمی، لەیلا زارعی، سلێمان عەبدی، لۆقمان اللەمورادی، سەڵاح حاجی‌میرزائی، شەهرام کەریمی، لەیلا سەلیمی، فەیسەڵ نووری، سومەییە ئەختەرشومار» بە ڕوونی ڕێبازی سەرکوتگەرانەی ئەو شێوازە نیشان دەدات.

شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان وێڕای ئیدانەکردنی ئەو حوکمە ناڕەوایانە، جەخت لەسەر پشتیوانیی هەمەلایەنە بۆ مامۆستایانی کوردستان و بەتایبەتی ئەو مامۆستایانە دەکاتەوە کە مافەکانیان پێشێل کراوە، هەروەها پشتیوانی لە چالاکییە مەدەنی و سەندیکاییەکانیان دەکات. لێرەوە داوا لە حکومەت و بەڕێوەبەرانی پەروەردە دەکەین دەستبەجێ ئەو سزا ناڕەوایانە هەڵبوەشێننەوە.

بێ گومان کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان و بەتایبەت کەسایەتییە فەرهەنگییەکان، هەستیارن بەرامبەر بەم ڕووداوە و ئەم هەستیارییە تەنها کاتێک چارەسەر دەبێت کە هەموو ئەو فەرمانانەی دەرکراون هەڵبوەشێنرێنەوە و مامۆستایانی دەرکراو بگەڕێندرێنەوە بۆ شوێنی شیاوی خۆیان لە قوتابخانەکان و لە نێو قوتابیاندا.

شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان:

  1. ئەنجومەنی فەرهەنگی -ئەدەبی ڕۆجیار
  2. بنکەی تەندروستی ژین
  3. ناوەندی زانستی-فەرهەنگی ڕۆنان
  4. ئەنجومەنی سەوزی چیا
  5. ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبی مەریوان
  6. ناوەندی فەرهەنگی هونەری ڤەژین 
  7. ئەنجومەنی ژیانەوە
  8. ئەنجومەنی پیشەیی کرێکارانی بیناسازی مەریوان و سەوڵاوا


١ی خەرمانانی ٢٧٢٥ی كوردی