بە ناوی بەرزەناوی خودای گەورە و دلۆڤان
بۆ بیروڕای گشتیی کوردستان و هەموو جیهان
هەروەها کە ئاگادارن دەوڵەتی فاشێستیی تورکیە لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشێکی دڕندانەی کردوەتە سەر ڕۆژاوای کوردستان. ئەمە لە کاتێکدایە کە بیروڕای گشتیی جیهان بێ ئاگا نین کە کوردانی ڕۆژاوا لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە نوێنەرایەتی هەموو جیهان و بۆ پارێزگاری لە مرۆڤایەتی، لە تێکشانی داعش و داعشیسمدا دەوری سەرەکییان گێڕاوە و نیشانیان داوە کە لە نیشتمانی خۆیاندا هەموو نەتەوەکانی ناوچە ئەتوانن لە ئاشتی و ئارامیدا پێکەوەژیانێکی ئاسوودەیان ببێ. بەڵام بە داخەوە ئەمڕۆ کەوتوونەتە بەر هێرشی جەنایەتکارانەی سپای داگیرکاری تورکیە.
هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردانی ڕۆژاوا، بێ گومان دەتوانێ ئەنجامێکی ترسناکی بۆ وڵات و ناوچە و جیهان ببێ. ئەردوغانی پەتیارە و زڕباوکی داعش، بە بیانوی بەربەرەکانێ لە گەڵ ترۆریسم و پێکهێنانی ناوچەی ئەمن، ئەیەوێ نیشتمانی سیاسی و پێکەوەژیانی کوردان و نەتەوەکانی دیکەی ڕۆژاوا لە ناو ببات و کۆمەڵکوژییەکی دیکە ئەنجام بدات.
گەرچی دەوڵەتی تورکیە و پارتە دەسەڵاتدارەکەی بۆ مانەوەی خۆیان و پاراستنی حکومەتە لەرزۆکەکەیان پیویستیان بە شەڕ و کوشتارێکی دیکە هەیە، بەڵام گرنگترین ئامانجی ئەم تورکانە ڕزگار کردنی داعش و ڕێکخستنی دووبارەیان بۆ پاوانخوازی ئەرزی و مەرامیی خۆیان و کوشت و بڕی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەموو جیهانە. دیارە بیروڕای گشتی جیهان بە باشی تێدەگات کە ئەم شێوازی هەڵسووکەوتە مەترسیەکی گەورەیە بۆ هەموو جیهان.
ئەمڕۆ کۆمەڵگای جیهانی لە هەمبەر هێرشی سپای داگیرکاری تورکیە بۆ سەر خەڵکی بێ پەنای ڕۆژاوا بێ هەڵوێست نییە، کۆمەڵگای مەدەنی جێهان بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم جووڵە دژەمرۆڤانەیە بە ئاگا هاتەوە و هەموو دامەزراوە دەوڵەتی و نادەوڵەتیەکانی خستووەتە ژێر گوشار و داوای کاردانەوەیان لێ دەکات. دیارە دەمێکە کۆمەڵگای مەدەنیی جیهانی سەقامگیر بووە و بەردەوام پابەند بە دادپەروەرییە و دژایەتی ستەمگەری لە هەموو ئاستێکدا دەکات. بە بڕوای کۆمەڵگای مەدەنیی جیهانی؛ دامەزراوە بەرپرسەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ! کارایی خۆیان لە دەست داوە و بە بێدەنگی و ئامۆژگاری بێ بنەما، داگیرکارانیان بۆ لەژێرپێنانی زۆرتری مافی خەڵکی بێ پەنا بە تایبەت کوردەکان دڕتر کردوە.
ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان، هاوڕێ و هاودەنگ لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنیی جیهانی، بێدەنگی و هاوڕێیی دامەزراوە و دەوڵەتەکان لەگەڵ هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردەکان بە توندی ئیدانە دەکات و پێی وایە؛ پێویستە کە هەموو نەتەوە ئازادیخوازەکانی ناوچە و جیهان لە هەمبەر پێچەوانە نیشاندانی چەمکە مرۆییەکانی وەک ئاسایش، ئاشتی و مرۆڤ دۆستی دەوڵەتی داگیرکاری تورک بەربەرەکانێ بکەن و نەهێڵن مانا دەروونییەکانی ئەم چەمکانە بە هۆی داگیرکارانەوە پێچەوانە ببێتەوە و هەوڵی ئەوان بۆ گەیشتن بەم مەبەستە نامرۆڤانە لە ژێر ناوی ئەم چەمکانە لەقاو بدەن و ڕسوای بکەن.
ئێمە داواکارین کە دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی وەک؛ شۆرای ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، یەکیەتیی ئورووپا و یەکیەتیی وڵاتە عەرەبەکان و دیکەی ڕێکخراوە چالاکەکان بێ هەڵوێست نەبن و بەر بە کۆمەڵکۆژی و کارەساتێکی گەورەی مرۆیی بگرن.
شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان، وێڕای ئیدانە کردنی هێرشی دڕندانەی چەکمەسوورەکانی ئاتاتورک و خوازیارانی ئیسلامی توندڕەو، کە ڕێچکەیەکی لادەرانە لە ئایینی ئیسلامە؛ لە هەموو گەلی کورد و ئازادیخوازانی جیهان داوا دەکات؛ لە هەمبەر ئەم باروودۆخەدا، هەڵوێست و چالاکیی بە کردەوەی خۆیان بسەلمێنن و لە هەر ڕێگایەکەوە کە پێیان دەکرێت یارمەتیی خەڵکی ستەملێکراوی ڕۆژاوا بدەن.
شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان
۱۳۹۸/۷/۱۸
- ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین
- ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی ڕۆجیار
- یەکێتیی مامۆستایانی ئایینی مەریوان و هەورامان (یەمامە)
- ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی مەریوان (انجمن صنفی معلمان مریوان)
- ئەنجومەنی خەڵکیی بەرگری لە مادە هۆشبەرەکان - ژیانەوە
- ئەنجومەنی سەوزی چیا
- ئەنجومەنی فەرهەنگیی-ئەدەبیی مەریوان
- ناوەندی زانستی-فەرهەنگیی ڕۆنان