هاونیشتمانیانی بەڕێز، ژینگەپارێزانی نیشتمان!
لەم ساتەوەختەدا کە نیشتمان لەژێر تەوژمی کاولکاری و قەڵاچۆکردندایە، کۆچی ناوادەی هاوڕێی ئازیزمان کاک خەبات ئەحمەدی، خەسارێکی گەورە بوو کە دڵی هەموو نیشتمانپارێزێکی تەزاند؛ بەداخەوە لە یەک دوو ساڵی ڕابردوودا ئەنجومەنی سەوزی چیا و بە گشتی نیشتمان شاهێدی لەدەستدانی سێ ئەندامی بەئەمەگ و نیشتمانپارێزی بووە، کە ئەگەرچی خەمێکی قورسی لەسەر دڵی هەموومان جێهێشتووە، بەڵام ئاکاری بەرز و مرۆڤدۆستیی ئەم ئازیزانە، هۆکاری زیندوو بوون و هەرمانیی ئەوانە لە ڕێگای پڕ لە سەروەریی نیشتمانپارێزیدا و دڵنیاین کە بەئەمەگی و وەفاداری ئەوان ڕێگای بەرەو لووتکە پڕڕێبوارتر دەکات و ناویان بۆ هەمیشە لە دڵی جەماوەردا زیندوو دەهێڵێتەوە.
بەم بۆنەوە ئێمەیش وەکوو ناوەندی ڤەژین، خۆمان بە بەشداریی خەمی بنەماڵەی ئازیزی کۆچکردوو و هەموو ژینگەپارێزان و نیشتمانپارێزان و بەتایبەت هاوڕێیانی ژینگەپارێزی چیای سەوز دەزانین.
ناوەندی ڤەژین
١٣٩٨/١١/٢٣