بەڕێوە چوونی کۆنگرەی موسیقای ھەورامی و رێزگرتن لە مامۆستا عوسمان ھەورامی

13/5/2012
ڤەژین

پێشەکی

بە مەبەستی ڕەخساندنی هەلێک بۆ لێکۆڵینەوەی ئاکادمیک و زانستی لە سەر مۆسیقای هەورامی، وەک بەشێکی گرینگ لە مۆسیقای فرەچەشن و فرەڕەنگی کوردی، هەروەها بۆ ڕێزگرتن لە مامۆستای پایەبەرزی کورد، مامۆستا عوسمان هەورامی، ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین(مەریوان) لە هاوینی ساڵی ١٣٩٠ هەتاویدا بڕیاری گرتنی کۆنگرەیەکی لە مەریواندا دا و بۆ وەرگرتنی مۆڵەت لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگادار کردەوە. هەروەها ناوەندی ڤەژین بۆ دەوڵەمەند کردنی لایەنی زانستیی کۆنگرەکە لایەنە ئاکادمیک و هونەرییەکانی لەو چالاکییە ئاگادار کردەوە و داوای یارمەتیی لێ کردن.

لەگەڵ وەرگرتنی مۆڵەت و بڵاوکردنەوەی بانگهێشتی وتار و لێکۆڵینەوە، هونەرمەندان و نووسەرانی دڵسۆز بەرەو پیریی ئەو بانگهێشتنەوە هاتن و خەڵکی دڵسۆزی ناوچەیش بە وە ئەستۆگرتنی تێچووی لێکۆڵینەوە و بەرهەمە هونەرییەکان، یارمەتیی بەڕێوەچوونی ئەو چالاکییەیان دا.

ئامانجەکانی کۆنگرە

ئاشکرایە بۆ بەدیهێنانی وێنە و شوناسێکی هاوبەش و یەکگرتوو و خۆناساندن بە جیهان بەو شوناسەوە، دەبێت ڕێگە بە هەموو بەشەکانی کوردستان بدرێت کە خۆی لەو وێنەیەدا بدۆزێتەوە و یەکگرتوویی لە ڕێگای خۆ دۆزینەوەوە دروست دەبێت نەک لە ڕێگای سەپاندن و سڕینەوەوە. ڕەنگ و چەشنە جیاوازەکانی نێو فەرهەنگی کوردی، هەرچەند بە دەست تێوەردان و هەڵوێستی نابەرپرسانەوە دەتوانێت مەترسی بێت بۆ سەر شوناسی یەکگرتووی کورد لە هەمان کاتدا دەتوانێت هەلێک بێت بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەو وێنەیە و پێگەیەکی بەهێزتر لە ئاستی جیهانیدا پەیدا بکات.

لە ئامانجە سەرەکییەکانی کۆنگرە ڕەخساندنی هەلێک بۆ ناساندنی دەنگ و مۆسیقای هەورامی بە بەشە جیاجیاکانی کوردستان و لەم ڕێگەیەوە تێکۆشان بۆ جێگیرکردنی مۆسیقایەکی یەکگرتوو بە لەبەرچاوگرتنی فرەڕەنگی و فرەدەنگیی ناوچەکە بوو. دیارە هەوڵ و تێکۆشانی مامۆستای دەنگ ڕەسەن و ناسراوی سیاوچەمانە، کاک عوسمان کەیمەنەییش هەر لەم پێناوەدا شیاوی پێزانین و ڕێزلێنان بووە و بۆیە ڕێزلێنانی مامۆستا یەکێک لە مەبەستەکانی کۆنگرە بوو.

ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین لە لایەکەوە هەوڵی کۆکردنەوەی کەرستە و مەتریاڵی لە سەر بابەتی مۆسیقای هەورامی و دەنگی مامۆستا عوسمان داوە و لە لایەکی ترەوە هەوڵی داهێنان و بە بەڵگە کردنی موڵکی ئێستای داوە و دیارە دروستکردنی وزەیەک بۆ کار لە سەر ئەو بابەتانەیش یەکێک لە ئامانجەکانی چالاکییەکە بووە.

ڕەوتی چالاکییەکانی کۆنگرە

چالاکییەکانی کۆنگرە بێجگە لە بانگهێشتی هونەرمەندان و توێژەران بۆ کارکردن لە سەر تەوەرەکانی کۆنگرە، دروستکردنی وزەیەک بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە و سەنەد بووە و بۆیە

فیلمی چەندین کاتکۆ وتووێژ لەگەڵ مامۆستا

 فیلمی چەندین کاتکۆ وتووێژی مامۆستایانی زانکۆ و هونەرمەندانی بەناوبانگ لە سەر مۆسیقای کوردی بە گشتی و مۆسیقای هەورامی بەتایبەتی

دروستکردنی فیلمێکی بەڵگەیی بە دەرهێنانی پەرویز ڕۆستەمی لە سەر ژیانی عوسمان هەورامی

دروستکردنی فیلمێکی نیو کاتکۆیی لە وتووێژەکان

وەدەستهێنانی ٤٠٠ کاسێتی زۆر باش لە دەنگی مامۆستا عوسمان بۆ دیجیتایز کردن و کەڵک لێ وەرگرتنی پاشتر

هەوڵ بۆ دروستکردنی پەیکەرێک لە مامۆستا عوسمان لە لایەن هونەرمەندی ناوداری کوردەوە، کاک هادی زیائەددینیەوە؛ هەرچەند دروستکردنی ئەم پەیکەرە لە قۆناغی کۆتاییدا بوو بەڵام بەداخەوە بە ڕۆژی کۆنگرەکەدا نەگەیشت.

هەروەها ناوەندی ڤەژین بۆ ڕێزلێنان لە مامۆستا و ڕێزگرتن لە چالاکانی بواری فەرهەنگی ناوچە خەڵاتی ساڵانەی بەڕووی زێرینی، داناوە کە وا بڕیارە هەموو ساڵێک بە یەکێک لە چالاکانی بواری فەرهەنگ پێشکەش بکرێت.

بەرنامەکانی کۆنگرە

دەستپێکی بەرنامەکانی ڕۆژی کۆنگرە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز و سروودی نیشتمانیی ئێران و پاشان لایەلایەک لە لایەن ڕەحمە خانمەوە بوو.

بە خوێندنەوەی گوزارشی بەڕێوە چوونی کۆنگرە و پەیامی کۆنگرە، لێدوانە زانستییەکانی کۆنگرە دەستی پێکرد. لێدوانی زانستیی یەکەم لە لایەن دوکتۆر ئەردەڵانەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرا. لەم لێدوانەدا ئەردەڵان باسی لە پێگەی مۆسیقای هەورامی لە ژیان و مێژووی خەڵکی ناوچەکەدا کرد و هەروەها بۆ سەلماندنی چۆنیەتیی دەوری مۆسیقا لە ژیانی خەڵکدا، هاوتەریبییەکانی نێوان مۆسیقای هەورامی و مۆسیقای ژاپۆنیی خستە بەر باس.

پاش ئەوە فیلمی گڕکانێک لە بێدەنگی بە دەرهێنانی پەرویز ڕۆستەمی و بەرهەمهێنانی ناوەندی ڤەژین، کە لە سەر ژیانی عوسمان هەورامی دروست کراوە، نیشانی ئامادەبووان درا.

پاش ئەوە موحەممەدڕەزا دەرویشی، لێدوانێکی لە سەر دەوری مۆسیقای کوردی و بەتایبەت مۆسیقای هەورامی لە نێو مۆسیقا و فەرهەنگی ناوچەدا دا.

پاش نیوەڕۆ بەشی دووەمی بەرنامەکانی کۆنگرە بە وتەکانی دوکتۆر قوتبەددین سادقییەوە دەستی پێکردەوە. تەوەری قسەکانی دوکتۆر سادقی لە سەر فەرهەنگ و گرینگیی فەرهەنگ و کۆن بوونی فەرهەنگ و مۆسیقای ناوچەکە بوو.

نواندنی فیلمێکی بەڵگەیی کە کورتکراوەی وتووێژ لەگەڵ مامۆستایان زیائەددینی، ئەرسەلان کامکار، حاجی ئەمینی، پیرنیاکان و... لەسەر مۆسیقای هەورامی و مامۆستا عوسمان، بەرهەمی ناوەندی ڤەژین، یەکێکی تر لە بەرنامەکانی کۆنگرە بوو.

لەم کۆنگرەیەدا لێدوانەکانی کاک بەهمەن حاجی ئەمینی، کاک جەلالی شەفیعی و هەروەها بەڕێوەبردنی نواندنی جۆرەکانی مۆسیقای هەورامی و حەیرانێکی مام خدر کۆڕەکەیان ڕازاندەوە.

لە بەر کەم بوونی کات وتارە زانستییەکان نەخوێنرانەوە و بڕیار درا کە پاش کۆنگرە لە نامەی وتارەکانی کۆنگرەدا لە چاپ بدرێت. پێشکەش کردنی خەڵاتی بەڕووی زێرین بە مامۆستا عوسمان بە دەستی کاک ئەنوەر قەرەداغی دوایین بەشی کۆنگرە بوو.

پەراوێزەکانی کۆنگرە

 میوانانی کۆنگرە لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، لوڕستان ، کوردستان ، باکووری خوراسان و ئازەربایجانی ڕۆژئاواوە بوون و کۆنگرەکەیان بە هەلێک بۆ ئاگاداربوونەوە لە چالاکییەکانی یەکدی وەسف دەکرد.

 سەرەڕای لە سەر پێ ڕاوەستانی کەسانێکی زۆر لە هۆڵی ٧٠٠ کەسیی زانکۆی ئازاددا و دامەزراندنی ڤیدیۆ پرۆجیکشن بۆ ٤٠٠ کەسی تر، پێشوازیی خەڵکی ناوچە لە بەرنامەکە بە شێوەیەک بوو کە گرفت بۆ بەڕێوەبەرانی کۆنگرە دروست بوو بوو و کەسانێکی زۆر سەرەڕای ئەوەی لە بەر باراندا تەڕ بووبوون، چاوەڕوانی چوونە نێو بەرنامەکە بوون.

 هەموو بەرنامەکانی کۆنگرە لە دروستکردنی فیلم و ئەرکی چاپ و پەخشەوە تا کاروباری بەڕێوە بردنی کۆنگرە بە یارمەتیی ماددی خەڵکی ناوچە بەڕێوە چوو.

img343}

{

دانانی بۆچوون

ناو:
ئیمەیل:
*
ماڵپەڕ:
بۆچوون:
*
بۆچوونەکەت لە دوای پەسەندکردن بڵاو دەبێتەوە.